Ahmed Khattab

January 5, 2025

فەلسەفەک لە ڕق و تووڕەیی


شتێکی نانامۆ بە دیار چاووی هەموومان کەووتوە، لە جیهان بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، ئەویش تووڕەییە. 

تووڕەیی یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی مرۆڤایەتی کە لە توانای دا هەیە ناشرینترین و قێزەوەنترین قسە، جوێن، شکاندنەوە و ڕق بەرهەم بهێنێت بۆ ژیان بەرامبەر تاکێک، گرووپێک، فەلسەفەیەک، دینێێک، تەنانەت بەرامبەر گیانلەبەر.  زۆربەی کاتەکان، نانیناسین بە تەواوی، تەنها شتێکە بینیومانە لە شوێنێک(لە ژیانی خۆماندا یان سۆشیال میدیا) کە شتێکی ووروژاندووە لە ناخمان. 

یەکەم وەڵام بەرامبەر ئەم ووروژاندنە لە کۆمەڵگای کوردیدا دەربڕینی ڕق و تووڕەییە. نەوەک بیرکردنەوە بۆچی ئەم هەستە لەدایکبووە و لێکۆڵینەوە لێی. تووڕەیی هەستێکە هەموو مرۆڤێک، تەنانەت من و تۆش هەڵدەگرین، بەڵام هەنگاوەکانی پاش تووڕەیی جێبەجێ ناکین چونکە تەمەڵین. چونکە لێکۆڵینەوە لێی دان بە خۆدانە، کە لەوانەیە ئێمە هەڵە بین، وە Ego ی ئادەمیزاد ئەمە قبووڵ ناکات، بۆیە قەدبڕێک لێدەدەین و دەگەین بە دەڕبڕینی ئەم ڕق و کینەیە بەرامبەر ئادەمیزادێک کە وەک خۆمان هەستی هەیە، بێ گوێدانە ئەوەی کە لەوانەیە هەستی بەرامبەر بریندار بکەین، یان خراپتر، تووشی شتێکی بکەین کە تا هەتایە یان بۆ ماوەکی درێژ لە هزری دەمێنێتەوە. 

ئەم شوێنەی کە بە زەقی ئەم دیاردەیەی لێ بەدی دەکرێت، بێگومان سۆشیال میدیایە. هەر میدیایەک بکەوە، بڕۆ کۆمێنتەکانی ژێر پۆستێک، پێویست ناکات زۆر بگەڕێت تاوەکو دەیدۆزیەوە. ئەم ڕق و تووڕەییە تۆختر دەبێت لەم شوێنانەدا، چونکە ئەم کەسانە ترسنۆکن، لە ژیانی ڕاستی خۆیان توانایان نیە، بۆیە لە ژێر سەیوانی سۆشیاڵ میدیا باڵی خۆیان هەڵدەکێشن و بە هەموو شتێک و کەسێک دا دەبەزن، لە ئەلف تاوەک یاء. بێگومان، ئەم کەسانەش دەکرێت شتێک لە ژیانیان هەبێت داپۆشرابێت و ئەم پۆستە/تاکە دەبینن ڕاست دەتەقنەوە، هاوشێوەی گڕکان. 

ئێمە ناتوانین جیهان بگۆڕین، بەڵام دەتوانین هەوڵ بدەین. هەوڵدانەکەش خۆی دەدۆزێتەوە لە بوون بە تاکێک کە ئەم کارانەی سەرەوە نەکات. تەنانەت، ئەگەر تووڕەش بووین قسەکە لەگەڵ خۆمان بکەین، نەوەک بچین لە سۆشیاڵ میدیا هەستی کەسێک بریندار بکەین بۆ هیچ، تەنها کەمێک داتا.  پەندێک هەیە لە شوێنێک، بیرم کردووە کێ گوتیتی. بەڵام دەڵێت "تۆ هەرگیز ناتوانیت ببیت بە سوقڕات، بەڵام دەکرێت لە هەوڵدان بەردەوام بیت، دەگەیت بە پلەیەک کە نزیک بێت لە ئەو"، دەکرێت "سوقڕات" بگۆڕیت بە هەر تاکێک کە سەرسامی کردوویت، و دەست پێبکەت لە هەوڵدان. 

گۆڕان لە کۆمەڵگا ڕوونادات تاوەکو ئێمە وەکو تاک دەستپێنەکەین بە گۆڕانی بچووک لە خۆماندا، لە فەلسەفەی یابانی بەم تەکنیکە دەگووترێت "Kaizen"، گۆڕانی بچووک لە مەودایەکی درێژ کۆدەبێتەوە و ئەنجامی گەورەی دەبێت. 
 

About Ahmed Khattab

CTO of Hellotext, Software Craftsman, author, Quadrilingual, bodybuilder, mentor, mentee, friend.